
بەپێی راپۆرتی ئرووم نیوز : ماوەی ٢۶ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی دروست کردنی زانکۆی پیراپزیشکی بە هاووڵاتیان و خوێندکارانی شاری مەهاباد درا و ئەو بەڵێنییە هەتا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
زانکۆی پیراپزیشکی کە ماوەی شەش ساڵ لەمەوبەر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ” زانستگەی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی” بە وتەی بەرپرسان بەهۆی نەبوونی بودجە پڕۆژەکەی راگیرابوو و لەحاڵی حازردا بڕیارە ئەو پڕۆژە بۆ ماوەیەکی نادیار بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
زانکۆی پیراپزیشکی دوای بیست تەنیا ٣٠% پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیبوو و ماوەی شەش ساڵیش لەمەوبەر کە کرا بە زانستگەی ئەدەبیات هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینی.
زانستگەی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی سەر بە زانکۆی “ورمێ”یە و ئەوەش ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی مەهابادی بە دوای خوێدا هێنابوو.
لەحاڵی حازردا بڕیارە ئەو زانستگەیە لەشوێنی پێشووی پیراپزشکی بە رووبەری ۴٠ هێکتار و بە تەرخان کردنی ١١٠ میلیارد ریاڵ بودجە تەواو بکرێت.
هەر چەندە هاووڵاتیانی شاری مەهاباد دڵخوازن کە ئەو پڕۆژەیە زوو تەواو بکرێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا ڕایان وایە کە ئەو زانستگەیە چارەنووسی وەکوو پڕۆژەی زانکۆی پیراپزیشکی لێدێت.
شاری مەهاباد خاوەنی زانکۆی ئازاد، پەیام نوور و عیلمی ـ کاربوردییە و نزیک بە ٢٠ هەزار خوێندکاری شارەکانی ئێران لەشاری مەهاباد سەرقاڵی خوێندنن.
نەخشەی زانستگەی ئەدەبیاتی شاری مەهاباد لە دوو نهۆمدا دارێژراوە و ئەو بینایە هۆڵێکی گەورە و ٢۵ ژووری وانەوتنەوە و مامۆستایان، کتێبخانە، بەشی ئیداری و ماڵیی لە خۆ دەگرێ.



