
بە پێی هەواڵی ئرووم نیوز : سەرۆک کۆماری ئێران لە دیداری ' بان کی مۆن' ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان وتی، ئێمە رێز لە یاساوڕێسا نێودەڵەتییەکان و پەیمانەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیی دەگرین و هەروەک رابردوو لە رێبازی ئاشتیانەدا چالاکی دەکەین و ئەگەر مافەکانی گەلی ئێران پێشێل نەکرێ، ئامادەی رێککەوتنین.
حوجەتولئیسلام وەلموسلیمن' حەسەن روحانی'، لەم دیدارەدا کە بەیانیی رۆژی چوارشەممە بە کاتی تاران لە نیویۆرک ئەنجام بوو، پێویستیی سودوەرگرتنی سەرجەم لایەنەکان لەم دەرفەتە رەخساوە بۆ دانوستانی ناڤۆکیی وەبیرهێنایەوەو وتی، جاری وایە وا بیردەکەنەوە بە هۆی گوشارەکانی دژی ئێران هاتووینە سەر مێزی دانوستان، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکو ئێران بە ئیرادەیەکی جیدیی و لەبەر دابین کردنی بەرژەوەندیی خۆی و کەسانی دیکە دانوستان دەکا.
روحانی وتیشی، ئێمە رێز لە یاساوڕێسا نێودەڵەتییەکان و پەیمانەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیی دەگرین و هەروەک رابردوو لە رێبازی ئاشتیانەدا چالاکی دەکەین و ئەگەر مافەکانی گەلی ئێران پێشێل نەکرێ، ئامادەی رێکەوتنین.
ناوابراو هیواشی خواست کە سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان ئەرکەکانی خۆی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاکامی بردنەوە- بردنەوە، جێبەجێ بکا.
روحانی دواتر وتی، جیهانی ئەمڕۆ بەرەوڕووی گرفتگەلی وەک تیرۆریسم، توندوتیژیی و هەڕەشەی سەر ژینگە بووەتەوە بەڵام گەورەترین گرفت هەژمونی زلهێزان و نادادگەریی لە جیهانی ئەمڕۆدایە.
سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە توندوتیژی زۆرتر لە هەر بابەتێک لە هەڵاواردن، نادادگەریی و نەبوونی هیوا سەرچاوە دەگرێ، وتیشی، ساڵی رابردوو لە رێکخراوی نەتەوەکان وتم کە گرفتی گەورە توندڕەویی و توندوتیژیەو هەموان دەبێ بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو بەرەنگاری ئەم هەڕەشە هاوبەشە ببنەوە کە بەختەوەرانە ئەم پێشنیارە بە کۆی دەنگەوە لە کۆگەی گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان دا پەسەند کرا.
روحانی بەئاماژە بەوەی کە ئەمرۆکە بۆ هەموان روون بووەتەوە کە توندوتیژی و توندڕەویی و تیرۆریسم چ کارەساتێک بەدیدێنن، وتیشی، گرفتەکانی ئەمرۆی عێراق و سوریا دەگەڕێتەوە بۆ سەر پرسەکانی سوریا کە سێ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرا و ئەگەر هەر لە سەرەتادا رێگریی لە چالاکی ئەم تاقمە جەنایەتکارە کرابایە ئەمڕۆ شایەتی ئەم کارەساتانە نەدەبووین. بەداخەوە هەندێ وڵات وایان بیردەکردەوە بە پشتگیریی لەم تاقمانە دەتوانن دەوڵەتێک کە بە دڵیان نییە، بروخێنن.
ناوبراو وێڕای رەخنە لە رەفتاری دووفاقیانەی هەندێ وڵات وتی، هەندێ وڵات کاتێک کردەوەی تیرۆریستان لە بەرژەوەندیان بێ، لەبەرامبەر قەڵاچۆی مرۆڤەکان دا بێدەنگیی دەنوێنن و کاتێک ئەم کردەوانە بە زیانیان بێ، بەرپەرچی دەدەنەوە بەڵام دەسەڵاتە گەورەکان ناتوانن ئەمڕۆکە ئەم راستیانە لە گەلان بشارنەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئێران درێغی لە هیچ یارمەتییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریسم ناکا، وتی، ئەگەر یارمەتیی ئێران و ئامادەیی و هەوڵی جەماورەی عێراق نەبوایە، ئەمڕۆ ئەم وڵاتە لە کۆنتڕۆڵی تیرۆریستان دابوو.
'بان کی مۆن' سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەکانیش لەم دیدارەدا بە ئاماژە بەوەی کە میوانداریی کردن لە سەرۆک کۆماری کۆماری ئێران شانازییەکی گەورەیە، ئاماژەی بەو قەیرانانە کرد کە ئاسایش و سەقامی جیهانیان خستووەتە مەترسییەوەو وتی، من لە باسی ناڤۆکییدا، ستایشی تەعامولی سودمەندی ئێران و ئاژانسی نێودەنەتەوەیی وزەی ناڤۆکیی و بەشداریی چالاکانە لە دانوستانی ۱+۵ دەکەم.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان لە کۆتایدا هاوکاریی ویارمەتیی ئێران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراقی بەرز نرخاند .



