لەماوەی شەڕی ئێرانو عیراقدا حکومەتی بەعس چەندین شاری کوردنشینی وەک (سنە، مەریوان، سەقز، پاوە، جوانڕۆ، ئیلام، قەسری شیرین، کرماشان)و بەتایبەت هەردوو شاری سەردەشتو نۆدشەی بۆمباران کرد کە لەئەنجامی ئەو بۆمبارانەدا بەهەزاران هاوڵاتی کورد بوونە قوربانی.

بە پێی هەواڵی ئرووم نیوز بە گێڕانەوە لە رادیۆ کوردی : ئەم پەیکەرەی هونەرمەند هادی زیائەدەینی هێماو سمبولێکە بۆ کۆی شەهیدانی ئەو کیمیابارانانە. سەبارەت بەم کارە هونەرییە نوێیەی لەلێدوانێکدا بۆ راگەیاندنەکان هادی زیائەدەینی دەڵێت: بۆئەوەی نەوەکانی ئەمڕۆو داهاتوومان لەکارەساتو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە ئاگاداربنو وەک هێمای تراژیدیایەک لەیادەوەریماندا بمێنتێەوە ئەم پەیکەرەم دروستکردووە. بۆ دروستکردنی ئەم پەیکەرەش وەک سمبولێک سوودم لەتراژیدیای «بەیتی سەیدەوان» وەرگرتووەو لەگەڵ تراژیدیای کیمابارانی سەردەشتو نۆدشە تیکەڵم کردووە.
شایانی باسە پەیکەرەکە ۱۵ مەتر بەرزەو بڕیارە لەرۆژانی داهاتوودا لەڕێوڕسمێکی بەشکۆدا لەسەر یەکێک لەبەرزاییەکانی سەیرانگەی کێوی ئاویەر لەسنە دابنرێ.



