
بەپێی هەواڵی ئرووم نیوز بە گێرانەوە لە کوردپرێس: لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ۴۰ وڵاتی جیهان لە کۆبوونەوەیەک لە شاری پاریس بڕیاریان دا کە لە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) ببنەوە، ئەو گرووپە تیرۆریستییە بە توندترین شێوە هێرشی خۆی بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی کۆبانی لە سووریا دەست پێکرد، کە بۆ ماوەی دووساڵ زیاتر دەبێت هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچەیە و تەنانەت کارەبا و ئاوی لە سەدان هەزار خەڵکی ئەو ناوچەیە بڕیوە.
بە گوێرەی هەواڵ؛ داعش کە پاش پەلاماردانی مووسڵ ڕێژەیەکی زۆری چەکی قورسی سوپای عێراقی دەست کەوتووە، بەو چەکە قورسەوە هێڕش دەکاتە سەر کۆبانی و دەستی داوەتە بۆردوومان کردنی کۆبانی و هاوێری و خەسارێکی زۆری لە ناوەکە داوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک گیانیان لە دەست داوە و بریندارێکی زۆریش هەیە.
پارتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بە لەبەچاو گرتنی رەوشی نالەبار و مەترسیداری کۆبانی، داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات کە بە هانای خەڵکی کوردی کۆبانی بڕۆن و لە شەڕ و بەخۆدانیان دژی داعش، یامەتییان بدەن.
یەکێتی لە بەیاننامەکەیدا وێڕای ئاماژە بە کۆنفڕانسی وڵاتانی جیهان لە پاریس بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش و بڕیاریان بۆ ئەوەی لەهەموو شوێنێک هێرش بکەنە سەر داعش، هاتووە کە خەڵکی کۆبانی ئاشکرا، لەبەرچاوی هەموو دەوڵەتان و ناوچەکە، لەسەر دەستی داعشەکان قەتڵوعام دەکرێین و بۆیە داوا دەکات یارمەتی ئەو خەڵکە بدەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوا دەکات ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، بەهانای شاری کۆبانییەوە بچن و خەڵکەکە لەو جانەوەرانەی داعش رزگار بکەن. بەپەلەش کۆمەک بەخەڵکەکە بگەیەنن.
هەروەها داوا لەحکومەتی عیراق، کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاش کراوە کە هەرچییەکیان پێدەکرێ، هاوکاری ئەو هێزانەی بکەن و بۆ یارمەتیدانی خەڵکەکەش، بڕیاری مرۆیی بەپەلە بدەن و بەرگری ئەو هێزانەش کە بەرەڤانی لە کۆبانی دەکەن بە قارەمانانە وەسف دەکات.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە لەشەڕێکی فراواندایە دژی داعش، بەڵام بەهەر رێگەیەک دەگونجێ و دەکرێ، پێویستە هیممەتی کوردستانی بۆ ئەو شارە کوردستانییە بکرێ.
ئاماژە بەەش دراوە کە هێزی کوردی سووریا لە ئەوپەڕی لە خۆبوردوویی لە کاتی کارەساتی شەنگال یارمەتی خەڵکی ئەو ناوچەیان داوە.
لە ئێستادا کۆبانی لە سێ قۆڵەوە بە خەستی کراوەتە ئامانجی هێرشی داعش و شەڕیکی قورس لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (YPG) و داعش بەردەوامە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سووریا(PYD) ڕەوشی کۆبانی بە قەیراناوی و زۆر مەترسیدار وەسف کرد و ڕایگەیاند کە داعش بە نیازە ئەوەی لە شەنگال کردی، لە کۆبانیش دووپاتی بکاتەوە و داوای کرد کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی یارمەتی بەپەلەی خەڵکی کورد لە کۆبانی، بدات.
لە لایەکی دیکەوە ئۆجهلان ئیسۆ جێگری فهرماندهی هێزهکانی یهپهگه لهشاری کۆبانێ بهئاژانسی رۆیتهرزی وتووه: یهپهگه داوای هاوکاری سهربازی و پشتیوانی دهکات لهلایهنهکانی تری ناو کۆبانێ بهتایبهت پارتی کرێکارانی کوردستان.
هاوکات داواشی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد بەهانای هێزەکانی یەپەگەوە بچن و رێگریی لەپێشڕەوییەکانی داعش بگرن.
لە لایەکی دیکەوە مالپەڕی سبەی ڕایگەیاند کە ۳۰۰۰ خەڵکی کۆبانی بە هۆی مەترسی داعشەوە لە ناوچەکانیان هەڵهاتوون و لە پشت دەروازە سنوورییەکانی تورکیا ماونەتەوە و و ڕێگایان نادرێت بڕۆنە ئەو وڵاتە و مەترسی کۆمەڵکوژ کردنی ئەو خەڵکە دەکرێت لە لایەن داعشەوە.



