ئه‌م چوار ساڵه تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌بێت، بۆ یه‌که‌مین و به‌هێزترین ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان که دروشمی گۆڕان به‌ره‌و حکوومه‌تی هه‌ڵدا و به‌ڵێنی چاکسازی له هه‌رێمی داوه‌ته خه‌ڵک.
کوردپرێس: کاتێک له ساڵی ۲۰۰۶ی زایینی نەوشیروان مسته‌فا، دووهه‌م که‌سایه‌تی به ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان هه‌ستا به دامه‌زرانی کۆمپانیای “وشه” بۆ کاری ڕاگه‌یاندن و جیابوونه‌وه‌ی خۆی له‌م پارته گرینگه‌ی مێژووی خه‌باتی سیاسی و سه‌ربازی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕاگه‌یاند و له هه‌نگاوی دواتری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دامه‌زراند، که‌س به خه‌یاڵیدا نه‌ده‌هات ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه که هه‌ڵگری هه‌ندێ خواست و داواکاری ڕادیکاڵانه بوو، به‌م خێراییه کار بکاته سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم و هاوکێشه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بگۆڕێت و ببێته دووهه‌م ئه‌کته‌ری گرینگی سیاسه‌تی هه‌رێم.
پاش تێپه‌ڕینی ۷ مانگ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ڕۆژی ۲۹ی ئه‌یپڕێڵی ۲۰۱۴دا سه‌رۆکی نوێ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا. له‌م خوله‌دا په‌رله‌مان، له که‌شێکی زۆر جیاواز له خوله‌کانی پێشوو ده‌ستی به کار کرد و به پێچه‌وانه‌ی هه‌ر سێ خولی ۲۲ ساڵی ڕابردوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان له دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن پێشینه واتا پارتی و یه‌کێتی هه‌ڵنه‌بژێردرا و ته‌نانه‌ت له که‌سه نێزیکه‌کانی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم و جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆک کۆماری عێراق نه‌بوو، به‌ڵکوو گه‌نجێکی ته‌مه‌ن ۳۶ ساڵ به ناوی یووسف محه‌مه‌د سادق، خوێندکاری پله‌ی دکتۆرا له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانسته سیاسییه‌کان بوو که وه‌کوو سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبژێردرا.
یووسف محه‌مه‌د سادق خاوه‌ن پێشینه‌یه‌کی جیاواز بوو له دیکه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که پێشتر بوون به سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌موویان خاوه‌ن پێشینه‌ی ساڵانێکی زۆر خه‌باتی چه‌کداری بوون له ڕیزه‌کانی پارته کوردییه‌کان که ساڵه‌کانی ده‌رکه‌وتنیان ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ساڵانی خه‌باتی چه‌کداری و شێوه‌ی چالاکی و به‌رنامه‌کانیان وه‌کوو پارته شیوعییه‌کانی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات وابوو. سه‌رۆکی نوێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق که نووسه‌ری کتێبی “پێداچوونه‌وه له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان”ه و له سه‌رده‌م و قۆناغێکی جیاواز هاته گۆڕه‌پانی سیاسی و چالاکی حزبییه‌وه و به سیاسه‌توانێکی جیلی سێهه‌می هه‌رێمی کوردستان داده‌نرێت. ئه‌م قۆناغه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی خۆی هه‌یه و یه‌که‌مایه‌تی کاره‌کان و گرینگایه‌تییه‌کان جیاوازه له قۆناغه‌کانی پێشوو له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی هه‌رێمی کوردستان، دامه‌زرانی دام و ده‌زگا ئیداری و حکومییه‌کان و زانکۆ و دیکه‌ی ژێرخانه‌کان له یه‌که‌مایه‌تیدا بووه و پاش ساڵی ۱۹۹۱ و په‌سه‌ندکردنی مافه‌کانی کورد له ده‌ستووری عێراق، کورد هه‌وڵی دا بۆ ده‌ورگێڕانی کارا له به‌غدا. به‌ڵام پاش ۲۰۰۳ کورد قۆناغێکی نوێ له ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌ستپێکرد، که بریتی بوو له جێگیرکردن و سامان به‌خشینی کاروباری ناوخۆیی و دام وده‌زگاکانی هه‌رێم. نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان گۆڕانکاری به سه‌ردا هاتووه و پاش چوار ساڵ ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن بوون له په‌رله‌مانی کوردستان هاوسه‌نگی و هاوپه‌یمانییه‌کان چووه‌ته قۆناغێکی نوێ و سه‌رۆکی په‌رله‌مان سه‌ر به بزووتنه‌وه‌یه‌کی مودێرنه که جیاوازه له پارته سیاسییه‌کانی پێشوو و بۆ خۆی که‌سایه‌تییه‌کی زانستی و ئاکادیمیاییه و چالاکێکی مه‌ده‌نی و سیاسییه که له ژووری توێژینه‌وه سیاسییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌رکه‌کانی ڕاده‌په‌ڕێنێت و به بیرۆکه‌دانه‌رێک و که‌سایه‌تییه‌کی کاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆران داده‌نرێت.
له خولی پێشووی په‌رله‌مان نوێنه‌رانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌لێک به‌رنامه و پڕۆژه یاسای هه‌موار کردنی یاساکانی هه‌رێمیان ئاڕاسته کرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم له په‌رله‌مانی زۆرینه بوون، ته‌نیا توانیان په‌رله‌مان بکه‌نه تریبونێک بۆ ڕاگه‌یاندنی ناڕه‌زاییه‌کانیان و خستنه ڕووی داواکاری و داخوازه‌کانی خۆیان و ڕه‌خنه‌کانیان له‌مه‌ڕ سیسته‌می حوکمڕانی هه‌رێم بخه‌نه ڕوو. به‌ڵام ئه‌مجاره هاوسه‌نگییه‌کان گۆڕاوه و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانیان گرتۆته ده‌ستی خۆیان.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌مان سه‌ره‌تای دامه‌زران و ده‌ستپێکردنی چالاکییه‌کانی و به تایبه‌ت پاش ده‌رکه‌وتنی به‌هێزانه‌ی له خولی سێهه‌می په‌رله‌مان که بوون به خاوه‌ن ۲۵ کورسی، یه‌که‌مایه‌تی کاره‌کانی خۆی له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌کی گرینگ و سه‌ره‌کی دانا و له‌وان: جێگیرکردنی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری، ڕوون کردنه‌وه‌ی داهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ستنی پێوه‌ندی سیاسی لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی له‌گه‌ڵ دیکه‌ی وڵاتان.
جه‌ختیشی کردۆته‌وه که سه‌رجه‌م ئه‌م کارانه ته‌نیا له ڕێگای گۆڕانکاری بناغه‌یی له سیسته‌می حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌کرێت و گۆڕانکاریش ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی یاسایی و له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ری هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌ستپێبکات و ئێستاش ئه‌ندامێکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه له هه‌رێم.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان یه‌ک ساڵ و نیو پاش ده‌ستپێکردنی خولی سێهه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێم هاوکات له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین که “به‌هاری عه‌ره‌بی” ناوی لێ‌نرا و له 21ی جوونی ۲۰۱۱ هاوپێوه‌ند به هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌یاننامه‌یه‌کیان ده‌رکرد و ڕایگه‌یاند که هه‌لومه‌رجی سیاسی هه‌رێمی کوردستان له دۆخێکی قه‌یراناوییه و ۷ مادده له‌م به‌یاننامه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی حوکمڕانی له هه‌رێمی کوردستان خرایه ڕوو و گۆڕان داوای کرد په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه و جه‌ختیشی کرد په‌رله‌مان به هیچ شێوه‌یه‌ک توانای دروست کردنی چاکسازی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم نییه و ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی ئیراده‌ی چاکسازی و گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت ئه‌وا ئه‌نجامی چاکسازی گۆڕینی حکوومه‌ت و که‌وتنه مه‌ترسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و دوو پارته، ده‌بێت.
په‌رله‌مانتارانی گۆڕان تا کۆتایی هاتنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ناڕه‌زایی زۆریان له به‌رانبه‌ر په‌سه‌ندکردنی پڕۆژه‌یاساکانی په‌رله‌مان و به تایبه‌ت بودجه‌کانی هه‌رێم و درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ (که به ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌کێتی کرا) و داوایان کرد سیسته‌می حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان له سه‌رۆکایه‌تییه‌وه بۆ په‌رله‌مانی بگۆڕدرێت و یاسای بنه‌ڕه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش بگۆڕدرێت، به‌ڵام ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆیان ده‌ست نه‌که‌وت.
پاش ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له په‌رله‌مانی کوردستان وه‌کوو ئۆپۆزسیۆن ده‌وری گێڕا، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی چواره‌م بڕیاری دا له حکوومه‌ت به‌شدار بێت به دروشمی “گۆڕان به‌ره‌و حکوومه‌ت” هاته ڕه‌کابه‌رییه‌کانه‌وه و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی چواره‌می کوردستان که له ڕۆژی ۲۱‌ی سێپتێمبێری ۲۰۱۳، به ڕێوه چوو ۴۷۵ هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا و توانی ۲۴ کورسی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بکات، هه‌رچه‌نده که ئه‌م ئه‌نجامه‌ش ئه‌وه‌ی نه‌بوو که پێشتر گۆڕان بۆ خۆی پێشبینی کردبوو. له‌م خوله ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه ژماره‌ی کورسییه‌کانی له چاو په‌رله‌مانی سێهه‌م، یه‌ک کورسی که‌می کرد. ئه‌م ئه‌نجامه به سه‌رکه‌وتنی گۆڕان داده‌نریت، چونکوو یه‌کێتی که به پارتی ڕه‌کابه‌ری گۆڕان له سلێمانی و هاوێری واتا زێدی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دوو پارته دێته ئه‌ژمار، له‌م هه‌ڵبژاردنه تووشی شکستی قورس هات. ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی که پێشتر له‌سه‌دا ۲۶٫۱ بوو بۆ له‌سه‌دا ۱۶٫۱ و ژماره‌ی کورسییه‌کانی له 29 کورسی بۆ ۱۸ کورسی که‌می کرد. پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئیراده‌ی گۆڕان بۆ به‌شداری کردن له حکوومه‌تی نوێ کوردستان، دواجار پاش دانوستان و گفتوگۆی فراوان، گۆڕان وه‌کوو دووهه‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی سیاسی کوردستان له‌گه‌ڵ پارتی که یه‌که‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی سیاسییه له هه‌رێم، گه‌یشته ڕێککه‌وتن و له 17ی ئه‌یپڕێڵی ۲۰۱۴ ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ک واژۆ کرا و گۆڕان توانی داواکارییه‌کانی خۆی له حکوومه‌تی نوێ مسۆگه‌ر بکات. به گوێره‌ی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه واژۆ کراوه، سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان، وه‌زاره‌ته‌کانی دارایی، پێشمه‌رگه، ئه‌وقاف، بازرگانی و پیشه‌سازی درا به گۆڕان. به چاوخشاندنێک له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی که‌وتۆته ده‌ستی گۆڕان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که له ئێستادا گۆڕان به‌شێکی گرینگی شاده‌ماره‌کانی سیاسی، ئابووری، سه‌ربازی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته ده‌ستی خۆی و ئه‌مه‌ش لای سه‌رکرده و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی گۆڕان زۆر گرینگ بوو و به سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن له ڕاگه‌یێنه‌رییه‌کانیان باسیان کرد. به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه به شی کردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی که گۆڕان تێیادا سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست هێنا، داهاتوویه‌کی دژوار و جیاواز بۆ ئه‌نجام دانی چالاکییه‌کان و مسۆگه‌ر کردنی ئامانجه ده‌ستنیشان کراوه‌کانی گۆڕان چاوه‌ڕوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌کات.
سه‌رکه‌وتنی گۆڕان له حاڵێکدا ڕووی دا که یه‌کێتی شکستێکی قورسی هێناوه و بوو به‌هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌ی گۆڕان له گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان و له‌لایه‌کی دیکه‌وه پارتی به سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی که له هه‌مان سه‌ره‌تای دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کراوه‌ته ئامانجی ڕه‌خنه تونده‌کانی گۆڕان، له هه‌لومه‌رجێکدا ئاماده بوو به‌شداری گۆڕان له حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و داواکارییه‌کانی له‌سه‌ر پۆسته‌کان قبووڵ بکات، که ژماره‌ی کورسییه‌کانی که له په‌رله‌مانی سێهه‌م ۲۷ کورسی بوو، له‌م خوله گه‌یشته 38 کورسی و هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی که له په‌رله‌مانی سێهه‌م له‌سه‌دا ۲۷ بوو، له په‌رله‌مانی چواره‌م به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینی و گه‌یشته له‌سه‌دا ۳۴٫۲ ئێستا به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و فه‌کته‌رانه ئه‌م پرسیاره له‌باره‌ی داهاتووی به‌شداری کردنی گه‌وره‌ترین ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان له حکوومه‌ت دێته ئاراوه، که چۆن ده‌توانێت ئه‌و دروشمانه‌ی که وه‌کوو ئامانجی خۆی ڕایگه‌یاندووه و به شۆڕشێک له حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان داده‌نرێت، بباته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه.
کێشه قورسه‌کانی به‌رده‌م گۆڕان له چوار ساڵی داهاتوودا
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان و چه‌ندین وه‌زاره‌تی سیادی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه له هه‌لومه‌رجی سیاسی نوێ هه‌رێمی کوردستان به گۆڕینی هاوکێشه سیاسییه‌کان گه‌لێک کێشه و به‌ره‌ی قورسی له به‌رده‌مدایه بۆ چالاکییه‌کانی له چوار ساڵی داهاتوودا.
پلان و به‌رنامه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که له‌م وتاره به گشتیی ئاماژه‌ی پێ درا، پێویستی به ئه‌نجام دانی چاکسازی ڕادیکاڵ و بناغه‌ییه له پێکهاته‌ی حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق.
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ماوه‌ی ۲۲ ساڵه سه‌رجه‌م شاده‌ماره سه‌ره‌کییه‌کانی سیاسی، سه‌ربازی و ئابووری هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر ده‌ستی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌کێتی بووه و لابردنی هه‌ژموونی ئه‌و دوو پارته له ماوه‌یه‌کی که‌م و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌کی درێژیش، به کارێکی مه‌حاڵ دێته پێش چاو.
یه‌ک له مژاره گرینگه‌کان له هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌وتی هه‌رێم و داهاته‌کانی، که بۆ خۆی بۆته جێ ناکۆکی له ناوخۆی هه‌رێم و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقیش و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش که خۆی هاوپه‌یمانی پێشووی پارتییه ئاگاداری ئه‌م بابه‌ته نین و نازانن که ورده‌کارییه‌کانی هه‌نارده‌ی نه‌وت و داهاته‌کانی چییه و سه‌رجه‌م که‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له ده‌ستی پارتییه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه زۆربه‌ی چالاکییه گه‌وره و سه‌ره‌کییه ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که ئاستیان ده‌گاته میلیارده‌ها دۆلار له ژێر ده‌ستی ئه‌و کۆمپانیا و لایه‌نانه‌دایه که خاوه‌نه‌کانیان له سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتین و یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان گرێ خواردۆته سه‌رکرده و که‌سایه‌تییه گرینگه‌کانی ئه‌م دوو پارته‌وه و به‌م پێیه ئه‌نجام دانی ئه‌و گۆڕانکارییه ئابوورییه‌ی که گۆڕان وه‌کوو ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی دایناوه و داوای چاکسازی ئابووری و شه‌فاف کردنی داهاته‌کانی هه‌رێم ده‌کات، به چه‌ند کورسییه‌کی په‌رله‌مان و چه‌ند وه‌زیرێکی کابینه ناکرێت و کارێکی زۆر دژوار و ئاسته‌م ده‌بێت.
گه‌وره‌ترین کێشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له حکوومه‌تی نوێ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه. هه‌رچه‌نده تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئامارێکی ڕێک و پێک و ڕوون له ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌خراوه‌ته ڕوو، به‌ڵام به وته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، وه‌زیری پێشمه‌رگه له کابینه‌ی حه‌وته‌می حکوومه‌تی هه‌رێم ژماره‌ی ئه‌م هێزه گرینگه که له ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان به پاسه‌وانانی هه‌رێم، ناویان لێ ده‌بردرێت، ده‌گاته 200 هه‌زار که‌س و زۆربه‌شیان پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دیموکرات و یه‌کێتی نیشتیمانین. واتا له ژێر فه‌رمان و ئیراده‌ی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م دوو پارته چالاکی ده‌که‌ن و تا ئێستاش میراتگری سیسته‌می دوو ئیداره‌یی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن و هێزی پێشمه‌رگه به گشتیی له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزێکی یه‌کده‌ست ڕێک نه‌خراون.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له ده‌وڵه‌تی حه‌وته‌می حکوومه‌تی هه‌رێم له ژێر ده‌ستی یه‌کێتی نیشتیمانی بوو و له یه‌که‌مین کاردانه‌وه به ڕاده‌ست کردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به وزیره‌که‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لیوایه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌م هێزه که سه‌ر به یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر پێویست بکات ئه‌وان گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی وه‌زیری پێشمه‌رگه نابن و مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و سه‌رکرده‌یه‌کی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و نفووزی یه‌کێتی له گفتوگۆیه‌کی ڕۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند که متمانه‌ی نییه به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان ڕاده‌ست بکرێ. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م خاڵانه به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ “فه‌رمانده‌یی یه‌کپارچه و به نه‌ته‌وه‌یی کردنی هێزی پێشمه‌رگه” که وه‌کوو ئامانجێکی گۆڕان بۆ به‌شداری کردنی له حکوومه‌ت ڕاگه‌یێندراوه گه‌لێک دژوار ده‌بێت.
په‌رله‌مانی کوردستان وه‌کوو ئه‌رکانێکی سه‌ره‌کی حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان له‌م خوله‌دا له ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه. به‌ڵام گۆڕان له‌م خوله ته‌نیا خاوه‌ن که‌متر له یه‌ک له سه‌ر چواری کورسییه‌کانی په‌رله‌مانه و به پێچه‌وانه‌ی خولی پێشووی په‌رله‌مان که ده‌یتوانی یارمه‌تی پارته ئیسلامیخوازه‌کانیش وه‌کوو ئۆپۆزسیۆن وه‌ربگرێت، له‌م خوله‌دا و له جلی حوکمڕانی چیتر ناتوانێت ئه‌و یارمه‌تییه وه‌کوو ئۆپۆزیسیۆن به ده‌ست بێنێت و هیچ لایه‌نێکی له پاڵدا نییه و ده‌رفه‌تی به‌کارهێنانی ده‌فرایه‌تی و توانای ئۆپۆزیسیۆنیشی نه‌ماوه و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ڕووبه‌ڕووی فراکسیۆنه‌کانی پارتی و یه‌کێتی ده‌بێته‌وه که به‌یاننامه و پڕۆژه یاساکانیان له جل و به‌رگی ئۆپۆزیسیۆن ده‌خه‌نه ڕوو و بێگومان پارتی وه‌کوو به‌هێزترین فراکسیۆنی په‌رله‌مان هه‌رگیز ڕێ نادات به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌کانی، له‌لایه‌ن گۆڕان یان هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی دیکه‌وه بکه‌وێته مه‌ترسی.
بۆیه گۆڕان له جێبه‌جێ کردنی پلان و به‌رنامه‌کانی خۆی له په‌رله‌مانیش ڕووبه‌ڕووی گه‌لێک کێشه‌ی قورس و دژایه‌تی توند ده‌بێته‌وه به تایبه‌ت له داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی ده‌ستووری نوێ هه‌رێم به شێوه‌یه‌ک که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای ده‌کات و ده‌یهه‌وێ له‌و ڕێگایه‌وه سیسته‌می حوکمڕانی له هه‌رێم بگۆڕێت. گۆڕان ته‌نانه‌ت له داڕشتن و گۆڕینی په‌یڕه‌وی ناوخۆی نوێ بۆ په‌رله‌مان و پێکهێنانی کۆمیته‌ی نه‌زاهه بۆ لێکدانه‌وه و پشکنینی داراییه‌کان و لابردنی گه‌نده‌ڵی دارایی له ئه‌رکانه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی دیکه‌ی پڕۆژه‌یاساکان بۆ جێبه‌جێ کردنی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم و دابه‌ش کردنی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه‌ی داراییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ڕووبه‌ڕووی کۆسپ و له‌مپه‌ڕی جیددی ده‌بێته‌وه و ئه‌و کۆسپ و له‌مپه‌ڕانه‌ش له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتی ده‌کرێت که ڕوانگه و ڕاوبۆچوون و هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان جیاوازه له گۆڕان و ده‌کرێ بوترێت، گۆڕان له چوار ساڵی داهاتوودا به ئه‌زموونێکی زۆر قورس و دژوار تێده‌په‌ڕێت.
ئه‌م چوار ساڵه تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌بێت، بۆ یه‌که‌مین و به‌هێزترین ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان که دروشمی به‌ره‌و حکوومه‌تی هه‌ڵدا و به‌ڵێنی چاکسازی له هه‌رێمی داوه‌ته خه‌ڵک.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی چواره‌می هه‌رێمی کوردستانی عێراق پیشانده‌ری جێگیربوونی دیموکراسییه له هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها سه‌لمێنه‌ری سه‌نگ و کاریگه‌ری ده‌نگی هاووڵاتییانی هه‌رێمه و ده‌ریخست که هاووڵاتییان ده‌توانن به ئاماده‌بوونیان له‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و له ڕێگای ده‌نگی خۆیانه‌وه ده‌توانن گۆڕانکاری جیددی له هاوکێشه سیاسییه‌کانی هه‌رێم دروست بکه‌ن و لایه‌نێک له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات دابنێن و یان لایه‌نێکی دیکه که خاوه‌ن پیشینه‌ی ساڵانێکی زۆری خه‌بات و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاته بهێننه خواره‌وه و له‌م گۆڕانکارییه‌ش ئه‌م جاره لایه‌نی ناڕازی و ڕه‌خنه‌گری ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی هه‌رێم توانی سوکانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ری و چه‌ند وه‌زاره‌تی گرینگی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بگرێته ده‌ست و سه‌رۆکی نوێ په‌رله‌مان وێنه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ڕێبه‌ری پێشووی پارتی دیموکرات و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کوردی عێراقی له ژووره‌که‌ی دانه‌ناوه و له‌جێ ئه‌و وێنه‌یه ئایه‌تی “و امروهم شورا بینهم”ی داناوه و به‌ڵێنی دروست کردنی گۆڕانکاری بناغه‌یی و به‌ربڵاو له داهاتوودا ئه‌دات و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکرێت که بزووتنه‌وه‌ی هه‌میشه ناڕازی گۆڕان، پاش ئه‌زموونی ۸ ساڵ ئۆپۆزیسیۆن و ڕه‌خنه‌گرتن له حکوومه‌ت و به‌ڵێنی گۆڕانکاری به‌ربڵاو، له چوار ساڵی داهاتوودا له بواری کرده‌ییدا چی ده‌کات.